16 خاڵی سەدی بەدەستهێناوە
نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵە بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
فەرهاد حەسەن
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، حکومەتی عێراق هەنگاوی جدی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەمەش بووەتە جێگەی خۆشحاڵی ئەوان.
ئەمڕۆ دووشەممە، یاما ترابی بەڕێوەبەری پڕۆژەی “بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی ناوبژیوانی” سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (الصباح) ئاماژە بەوەدەکات کە “بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی شایەتی هەنگاوی جدی و بەپەلەی حکومەت بووە بە تایبەتی بەوەی پەیوەندیدارە بە بەدواداچوونی گەڕاندنەوەی دارایی”.
دەشڵێت “عێراق دەتوانێت جیاوازی نێوان ئەو کەیسانەی زەرەریان تێدا سەلمێنراوە و ژمارەی داوا مەدەنییەکان و هەڵە ئیجرائییەکان تێیاندا و کەمی و جۆریی و بەردەوامیی نوێنەرایەتیی یاسایی چاک بکات”، بۆ ئەمەش ئاماژە بە “پێویستی لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی شێوازی پارەدان و ناکۆتایی بڕیارەکە لە هەندێک حاڵەتدا” کردووە.
لایخۆشییەوە، عەبدوڵڵا دەردەری بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی بۆ وڵاتانی عەرەبی لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رۆژنامەکەی وتووە “ئێمە لە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بۆ پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی عێراق لەم بوارەدا، کارمان کردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “بەدەستهێنانی هەنگاوی ئیجابی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا لە ماوەی دەیەی رابردوودا، لە باشبوونێکی کەم لە نیشاندەرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا رەنگیداوەتەوە، بە جۆرێک عێراق لە نیشاندەری تێگەیشتنەکانی گەندەڵیدا چووەتە پێشەوە لە پلەی 161 لە نێوان 168 وڵاتدا (بە دەستکەوتی 16 خاڵی سەدی) لە ساڵی 2015 بۆ پلەی 136 لە نێوان 182 وڵاتدا (بە دەستکەوتی 28 خاڵی سەدی) لە ساڵی 2025دا”.
دەردەری ، جەختی کردەوە لە “هەوڵی حکومەتی ئێستا بۆ تەواوکردنی ئەم رێبازە لە سێبەری پێویستیی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی جۆری خزمەتگوزارییە گشتییەکان و راکێشانی وەبەرهێنان و خێراکردنی ڕیتمی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرزکردنەوەی کارایی بەکارهێنانی سەرچاوەکان لە خزمەتی گەلدا”.