لە کرێکارانی هەولێر
مالیک رۆژانە باپیرە نابیناکەی دەباتە مزگەوت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە گەڕەکی کرێکارانی هەولێر، منداڵێک بەناوی مالیک رۆژانە و بەتایبەت نیوەڕوان و عەسران بووە بە دەستێکی ئەمین و رووناک بۆ باپیرە نابیناکەی و لەکاتی نوێژە فەرزەکان دەیگەیەنێتە مزگەوت.
مام ئیسماعیل باپیرە مالیکە، لە تەمەنی 12 ساڵییەوە هەستی بە کزبوونی چاوی کردووە، وەک خۆی باسی دەکات، دوو ساڵە هەر بە تەواوی چاوەکانی هیچ نابینن، بەڵام نایەوێ لەگەڵ هاورێ و هاوتەمەنەکانی کە ژیانیان بۆ نوێژ و نزا تەرخان کردووە دوا بکەوێت.
مالیکی نەوەی سەرەرای ئەوەی رۆژانە سەرقاڵی کارکردنە، بەڵام زوو دەچێت بەدوای باپیرەی و 10 بۆ 15 خولەک پێش وادەی بانگ، لە ماڵ دێنە دەرەوە و ملی مزگەوت دەگرنەبەر، مالیک بە 964ی وت، باپیرەی هەمووکات بەسەرهاتی بۆ دەگێڕێتەوە و ئامۆژگاری دەکات.
پەیامنێری 964 پرسیاری ئەوە لە باپیرەی مالیک کرد، سەخت نییە بە نابینایی رۆژانە بچێتە مزگەوت، باپیرەشی بە 964ی وت، ئەوەی بۆ خودای بکەیت، ئەوەت بۆ دەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا