بانگی فەرمانگەکەیان کرد

لەهەولێر خاوەن تانکەرێک سزادرا چونکە ئاوی قوڕسی لە شەقامەکان رشتبوو

فەرهاد حەسەن

فەرمانگەى ژینگەى هەولێر دەڵێت، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تانکەرێکی بەتاڵکردنەوەی ئاوەڕۆی قورس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کە خاوەنەکەی هەڵسابوو بە کردنەوەی قوفڵی تانکەرەکەی و رژاندنی ئاوەڕۆکەی بە درێژایی ئەو شەقامەی کە پیایدا گوزەری دەکرد، بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەوەی خاوەن تانکەرەکە کردوویەتی ئەنجامدانی سەرپێچی ژینگەیی  بووە،. بۆیە هەمان رۆژ لەلایەن هۆبەی یاسایی فەرمانگەکەیان ئاگادارکرایەوە کە پێویستە ئەمڕۆ یەکشەممە لە فەرمانگەکەیان ئامادەبێت.

دەشڵێت، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لەبەرامبەر ئەم سەرپێچیە شۆفێری تانکرەکەی سزای پێبژاردنی بۆ کرد و بەڵێننامەشی لێوەرگیرا کە جارێکی دیکە سەرپێچی لەم شێوەیە دووبارە نەکاتەوە.

فەرمانگەى ژینگەى هەولێر، ئەو رێکارەی لەبەرامبەر شۆفێرەکە گرتوویەتییە بەر،  پاڵپشت بە خشتەی شانزدەهەم لە رێنمایی ژمارە 2 ی ساڵی 2023 و رێنمای ژینگەی تایبەت بە بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان بووە.