پۆلیس دەڵێت؛ بوختانی پێکردووین
کچە چالاکوانێکی دهۆک لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەستگیرکرا “بابەتەکە سەگی بێلانەیە”
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
کچە چالاکوانێکی پارێزگای دهۆک خاوەن شێلتەرێکی سەگە بێلانەکانە، پۆلیس دەڵێت، ئەو چالاکوانە بوختانی پێکردووین بۆیە دەستگیر کراوە.
چالاکوانەکە (ر. م) وەکو داکۆکیکارێک بۆ مافی ئاژەڵان خۆی ناساندووە، تۆمەتی کوشتنی سەگی بێلانەی خستبووە ئەستۆی پۆلیس.
لە سۆشیاڵ میدیای خۆی بڵاویکردبووەوە کە پۆلیسی بنکەی دۆمیز سەر بەقەزای سێمێل هەڵساون بەکوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە سەگە بێلانەکان.
سەرچاوەیەک لە دادگای سێمێل بە 964 وت، دوای بەدواداچوونێکی ورد و نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر کوشتنی سەگەکان لەلایەن پۆلیسەوە، داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و هەر ئەمرۆ دەستگیرکرا.
وتیشی، بەپێ بەندی 2 لەیاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008 کە پەیوەستە بە خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، چالاکوانەکە گیراوە و دادگایی دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن