بۆچی دنیا خۆی لە دیوە گەشەکەی ئەفریقا غافڵ دەکات؟

964+

ژووری هەواڵ

ئەفەریقییەکان نان نییە بیخۆن، ئەو ئاوەی دەیخۆنەوە تەنیا ئاژەڵەکان دەیخۆنەوە، ئەمە ئەو وێنەیەیە کە زۆر جار لە جیهاندا لە بارەی وڵاتەکانی ئەفریقاوە خراوەتە روو، ماوەیەکە تیکتۆکچی و یوتیوبەرە کوردەکانیش کاتێک پێیان دەگاتە وڵاتێکی ئەفەریقی هەمان وێنە دەگوازنەوە، بەڵام خۆی راستییەکە شتێکی ترە.
لە وڵاتانی ئەفەریقاش وەک هەموو وڵاتانی دیکەی دنیا ناوچەی خۆش و ناخۆش، خەڵکی هەژارو دەوڵەمەند، ژیانی هەمە چەشنە هەیە، کەچی زۆر جار بەمەبەست ئەفەریقییەکان وەک کەسانی کڵۆڵ و داماوو هیچ نەزان پیشان دەدرێت.
ئەم جۆرە رەفتارانە ئێستا لە جیهاندا ناوی لێنراوەو پێی دەوترێت White Savior Industrial Complex کە وەرگێڕانە کوردییەکەی بە مانای (سیستمی پیشەسازی فریادڕەستی سپیپێست دێت) واتە کاتێک سپی پێستەکان دەچنە وڵاتانی ئەفەریقاو وا نیشان دەدەن کە خەڵکەکە نان و ئاو نییە بیخۆن، ئێستا ئەم دیاردەیە بووەتە عەیبە خەڵک خۆی لێنادات.
مێژووی بە کەمزانینی ئەفەریقییەکان زۆر کۆنترەو بۆ سەردەمی ئیستیعمار دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ یەکەمجار ساڵی 2012 نوسەرێکی نەیجیری بەناوی (تێجۆ جۆزێف) لە گۆڤاری ئەتڵەنتیک ئەم دەستەواژەیەی داهێناوەو وتوویەتی ئەو سپی پێستانەی ئەم کارە دەکەن بە چاوی کەم ئەفەریقییەکان دەبینن و وەک رزگارکەر تەماشای خۆیان دەکەن، دەیانەوێت بە خەڵکی وڵاتانی خۆیان بڵێن ئەها کەسانێک هەن لە ئێوە داماوترو ماڵوێرانتر، بۆیە شوکری خوا بکەن.
ئێستا بەشێک لە وڵاتە ئەفەریقییەکان رێ بە چوونە ژوورەوەی ئەو کەسانە نادەن کە تەنیا دیوە ناشرینەکەیان دەبینن، لە زۆر وڵاتی دنیاش پیشاندانی وڵاتە ئەفەریقییەکان بەو شێوەیە بووەتە کارێکی بێزراو، بەڵام هێشتا هەندێ لە تیکتۆکچی و یوتویبەرەکان هێشتا دەستبەرداری ئەم کارە نەبوون و بەردەوامن لە بچووک پیشاندانی ئەفەریقییەکان.