هەولێر لە ئاگرکەوتنەوە دەپارێزن

شارەوانی بە 300 کارمەند و 250 ئامێر خەریکی چارەسەرکردنی پووش و پەلاشە

فەرهاد حەسەن

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دوورخستنەوەی  هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە لەناو سەنتەری شاری هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش تیمێکی فراوانی 300 کەسی ئەم کارەیان پێسپێردراوە.

شارەوانی دەڵێت، هەڵمەتەکەیان بۆ پاککردنەوەی رووبەر و پانتاییەکی زۆری ناو سەوزاییەکانە لە پوش پەڵاش و گژوگیای بەهارە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەپێی پلانێکی تۆکمەو داڕێژراو، دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەندازەی پارکەکان و خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی، رۆژانە لە رێگای زیاتر لە 250 ئامێری قوڕس و مامناوەندو سووکەوە، لەگەڵ بەشداری نزیکەی 300 کارمەند و کرێکاری ژینگەپارێز، ئەم هەڵمەتە لە دوورگە ناوەندیەکانی شەقامە گشتیەکانی شار ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا، توانراوە رووبەر و پانتایەکی بێوێنە لە گژ و گیای بەهاری پاکبکەنەوە، ئەوەش مەترسیەکانی ئاگرکەوتنەوەو سوتانی پوش و پەڵاش کەمدەکاتەوە لە پێناو پاراستنی سەوزایی و دار و درەختەکاندا .