پۆلیسى راپەرین:

ئەو سێنترایە بە کرێ وەرگیراوە و وەک ئۆتۆمبێلێکى بێ سەرەتا فرۆشراوە

وریا فەتاح

کەسێک لە هەولێر ئۆتۆمبێلێک لە کۆمپانیایەک بەکرێ دەگرێت، دەریدەکات بۆ رانیە و تابلۆکانی لێدەکاتەوە، ویستوویەتی لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل وەک ئۆتۆمبێلی “بێ سەرەتا” ساغی بکاتەوە و بیفرۆشێت، بەڵام پۆلیس پێی دەزانێت و دەستی بەسەردا دەگرێت.

ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نیسان سێنترایە و رەنگی سپییە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە ئاگادار کراونەتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی لەو شێوەیە براوەتە پێشانگاکانی سنووری راپەڕین و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بۆ 964 روونى کردەوە کە لە رێگەى هەواڵدەرەکانیان پێى زانراوە و گومانى خراوەتەسەر، دواتر مەفرەزەکانیان دەستبەجێ چوونەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە و بە بڕیاری دادوەر دەستیان بەسەردا گرتووە.

لە لێکۆڵینەوەکاندا بەدواداچوونیان کردووە و دەرکەوتووە، ئۆتۆمبێلەکە بەکرێ گیراوە و خاوەنەکەی فێڵی کردووە و تابلۆکانی لێکردووەتەوە بۆ ئەوەی بە فێڵ بیفرۆشێت.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بە فەرمانی دادوەر بڕیاردراوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگیرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەشی رەوانەی دادگاکانی هەولێر دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەوێ رێکاری یاسایی وەربگیرێت.