"بەهۆی تۆمەتەکانی گەندەڵی"

عێراق پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی بەغدای هەڵوەشاندەوە

فەرهاد حەسەن

میدیاکانی عێراق بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکومی بڵاویانکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش به‌هۆی گومانكردن له‌ تۆمەتی گەندەڵی.

ئاژانسی رۆیته‌رز، لە سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە‌، پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش به‌هۆی گومانكردن له‌ تۆمەتی گەندەڵی.

پرۆژەکە بریتی بوو لە گرێبەستێکی 764 ملیۆن دۆلاری کە ساڵی رابردوو بەخشرایە کۆمەڵەیەک کە پێکهاتبوو لە فڕۆکەخانەکانی کۆمپانیای کۆرپ ئەمریکا کە بنکەکەی لە لۆکسمبۆرگ و کۆمپانیای ئەمواج ئینتەرناشناڵی عێراقییە بۆ خانوبەرە، بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی فڕۆکەخانەی سەرەکی پایتەخت.

دوو سەرچاوەی حکومی کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە داوای ئاشکرانه‌کردنی ناوەکانیان كردوه‌، بەو ئاژانسەیان راگەیاندووە، بەرپرسان نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئەگەری ناڕێکی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری و مەرجەکانی گرێبەستەکەدا وروژاندوە.

ئەو هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی بەڕێوەدەچێت کە بووەتە هۆی زیادبونی چاودێری لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا، پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانە وەک پڕۆژەیەکی ژێرخانی گەورە پێشکەشکرا بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی فڕۆکەوانی عێراق و زیادکردنی توانای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە ساڵانێکە بەدەست کەمی په‌ره‌پێدانه‌وه‌ دەناڵێنێت.

بڕیاری فراوانكردن و نۆژەنکردنەوەی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌ گوژمه‌ی 764 ملیۆن دۆلار لەلایەن حكومه‌تی پێشوه‌وە‌ درابوو‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گرێبه‌سته‌كه‌ی به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی “گومانی گه‌نده‌ڵی” و پێشێلكاری له‌ رێكاره‌كانی ته‌نده‌رینی.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەورەترین فڕۆکەخانەی عێراقە و دەکەوێتە دووری 16 کیلۆمه‌تر له‌ باشوری رۆژئاوای ناوەندی ئەو شارە، ئەو فڕۆکەخانەیە ناوەندی سەرەکیی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقیەیه‌.