بۆماوەى 8 کاتژمێر

بۆ دۆزینەوەى گەشتیارە خنکاوەکە؛ ئەمشەو ئاوی زێی بچوک دەگیرێتەوە

دەریا ئەحمەد- کۆیە

بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 12:00، ئاوی زێی بچوک لە بەنداوی دوکانەوە بگیرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى کارى تیمەکانى مەلەوانى ئاسان بێت و تەرمى ئەو گەشتیارە عەرەبە بدۆزنەوە کە ئێوارەى دوێنێ لە سەیرانگاى بۆگد، خنکاوە.

یونس عەبدوڵا، ئەندامی تیمی غەواسی ئاشتی و تەقتەق بە 964ـی وت، ئاوگرتنەوەکە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە تا 8ـی بەیانی بەردەوام دەبێت، پێنج کاتژمێری دەوێت تا کاریگەرییەکەی دەگاتە شوێنی رووداوەکە و ئاوەکە دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی.

تیمەکانی مەلەوانی دەیانەوێت ئەو کەمبوونەوەیەی ئاوەکە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە. یونس عەبدوڵا دەڵێت، “بەیانی زوو ئێمە وەک تیمی ئاشتی و تەقتەق لەگەڵ چەند تیمێکی خۆبەخش دەست بە گەڕانێکی چڕ دەکەین، هەوڵدەدەین زوو تەرمەکە بدۆزینەوە، چونکە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ ئاوەکە دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی”.

بۆ ئەوەی ناوچەکانی خوارووی زێی بچوکیش بەهۆی ئاوگرتنەوەکەی سبەینێوە بێ ئاو نەبن و کاریگەرییەکەیان زۆر پێوە دیار نەبێت، ئەمڕۆ بەنداوی دوکان زیاتر لە ئاستی ئاسایی خۆی ئاوی بەرداوەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕانەکە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح