مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. وێنە: KRG
سەرۆکی حکومەتی کوردستان:
“پێویستە حکومەتی فیدراڵ رێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم هێرشانەی دەکرێنەسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان، داواش دەکات حکومەتی عێراق بە کردەیی هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بنێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە، کە بەم جۆرەیە:
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر بەردەوام بوون.
سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان.
دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە نوێترین هێرشەکانی ئێران و بەرەی مقاوەمە بۆ سەر کوردستان، دوێنێ بە مووشەک و درۆن چەند کەمپێکی پێشمەرگە و ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان کرانەئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی تر.