قسەی لەگەڵ ئومێد خۆشناو کرد

نێچیرڤان بازرانی لایەنەکانی راسپارد یارمەتی لێقەوماوان بدەن

ئەحمەد مستەفا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی رابردووی هەولێر کرد.

لەو پەیوەندییەدا، هەردوو لایەن قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە، بە تایبەتی ئەو زیانانەی بە هاوڵاتییان گەیشتوون تاوتوێیان کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی و پێشکەشکردنی سەرەخۆشی بە خێزان و کەسوکاری قوربانییەکان، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هەموو هاوکاری و یارمەتییە پێویستەکان بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان دابین بکەن و هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی لافاوەکە بنێن.

لە راگەیەندراوەکەیدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پارێزگاری هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستا، قەبارەی زیانەکان و رێکارە گیراوەکان پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەدواداچوون و بایەخدانی بە رەوشی هاوڵاتییان و زیانلێکەوتووان.