هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو

توركیا سه‌ربازگه‌ی به‌عشیقه‌ – زلیكان راده‌ست ده‌كاته‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئه‌مڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، تورکیا پڕۆسەی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ‌سه‌ربازگه‌ی بەعشیقە – زیلکان به‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ستپێده‌كات.

راشیگه‌یاند، راده‌ستكردنه‌وه‌كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌بێت.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگه‌كه‌ ئاشكرای كرد: “لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەتەوە و لەسەر ئەمانەی خوارەوە رێککەوتوون:

1 – دەسەڵاتدارانی تورکیا و عێراق، بەپێی ئەو رێککەوتنەی سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە 23ی ئەیلولی 2026، پابەندی هاوبەشی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ درێژەدان بەو هەنگاوە جێی دەستخۆشیانەی تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە نراون، بۆ درێژکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان.

2- لایەنی تورکیا بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کراوە، رایدەگەیەنێت، دەستدەکات بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بەرەو رادەستکردنی وردە وردەی کەمپی بەعشیقە – زیلکان بە حکومەتی فیدراڵی عێراق.

3. بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوەی هاوبەش و سەرپەرشتیکردنی پێشکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە شنگال دەستیپێکردووە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان، هەردوولا بڕیاریانداوە لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی ئاسایش کارابکرێت، وەک پێشتر رێککەوتنیان لەسەر کراوە.

کەمپی زیلکان

(یان بنکەی بەعشیقە – زیلکان) بنکەیەکی سەربازی تورکیایە و دەکەوێتە بناری چیای بەعشیقە، نزیکەی 30 -42 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ لە عێراق.

كه‌مپه‌كه‌ له‌ 15.10.2014 دروستكراوه‌، زیاتر له‌ هەزار سەربازی توركیا و ژماره‌یه‌كی زۆرتر چەکدارانی عێراقی تێدایه‌، جگه‌ له‌ زرێپۆش و تانک و تۆپخانەی قورس و هێزی ئاسمانی.

رۆژی 23ی ئەیلولی 2016، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەسەر رادەستکردنی قۆناغ بە قۆناغی کەمپەکە بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رێککەوتن، بە پێی خشتەی کاتی رێککەوتن.