خەڵکی دهۆکن و تیمەکانی بەرگری شارستانیی سۆران بەدوایاندا دەگەڕێن

بەهۆی بەفر و کڕێوەوە پێنج شاخەوان لە چیای هەڵگورد بێسەروشوێنن

ئاکام غەفور – سۆران

ئەم بەیانییە بەهۆی بەفر و کڕێوەی چڕەوە، پێنج شاخەوانی خەڵکی دهۆک لە کاتی سەرکەوتنیان بۆ سەر چیای هەڵگورد لە سنووری باڵەکایەتی ون بوون و سەرجەم پەیوەندییەکانیان پچڕاوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران بەدوایاندا دەگەڕێن.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت: حەوت شاخەوان کە خەڵکی دهۆکن بە مەبەستی شاخەوانی و گەشت روویان لە چیای هەڵگورد کردووە، ئەم بەیانیە پێنج کەسیان لە کەمپەکەیان دەرچوون بۆ شاخەوانی، بەڵام بەهۆی بەفر و کڕێوەی زۆرەوە ون بوون و تاکو ئێستا بێسەروشێنن و پەیوەندیان نەماوە لەگەڵ هاوڕێکانیان.

وتیشی: تیمەکانمان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران چوون بەرەو چیاکە بۆ ئەوەی سۆراغێکی ئەو کەسانەیان دەست بکەوێت

پێداچوونەوە: هەژان هادی