لە دەڤەری راپەڕین کەتنەکەیان کردووە
بە تاپڕ و بەسەر ماتۆڕەوە تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتییەک کرد گیران
شۆڕش قادری
لە دەڤەری راپەڕین دوو کەس بە تاپڕ و بەسەر ماتۆڕەوە تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتییەک کرد، پۆلیس دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کردن.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، هێزەکانیان بە هاوکاری پۆلیسی فریاکەوتن و لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک بە بڕیاری دادوەر دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی ( م . و ) و ( د . ع ) کە تەمەنیان 19 ساڵە، دەستگیر کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو تۆمەتبارە بە ماتۆڕسکیل چوونەتە نزیک ماڵی سکاڵاکار و یەکێکیان بە تاپڕ تەقەی لە ماڵەکەی کردووە، لەبەردەم دادگا و پۆلیسیشدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
وەک ئەوەی سکاڵاکار بە پۆلیسی وتووە، مەوزوعەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و شوێنەواری ساچمەی تاپڕەکەش بەسەر دەرگای ماڵەکەیەوە هەیە.
لەگەڵ دەستگیرکردنیان، پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر ماتۆڕسکیلەکە و چەکی بەکارهاتوو.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و هەر دوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی 431 لە یاسایی سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراون.