پاشماوەی لافاوەکە
کۆبوونەوە کرا
بۆ لافاوەکەی هەولێر لیژنە پێکهێنرا و رێڕەوەکان پاک دەکرێنەوە
ئەحمەد مستەفا
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەی کۆکردەوە و پێنج بڕیاری بەپەلە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی لافاوەکەی هەولێر دران.
بڕیارەکان ئەمانەن:
یەکەم: پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی شەقام و کۆڵانە زیانلێکەوتووەکان.
دووەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی لافاوەکە.
سێیەم: تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانە ماددییەکانی هاووڵاتیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
چوارەم: پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی ناو و دەوروبەری هەولێر.
پێنجەم: خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند و پرد و پۆندەکان.
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە؛
بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی لافاوەکەی دوێنێی هەولێر ئەنجامدرا و چەند بڕیارێک درا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.11.8، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، و هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری، ئەمنی و سەربازییەکان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو لافاوەی کە دوێنێ لەشاری هەولێر بەهۆی بارانێکی خوڕەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دروستبوو و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکە، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە شەوی ڕابردووەوە بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی نائاسایی شارەکە، هەروەها سوپاسی سەرجەم تیمەکانی کرد بۆ خێرایی بەدەم هاووڵاتیان و زیانلێکەوتووانەوە.
پاشان کۆبوونەوە، چەند بڕیارێکی گرنگ و بەپەلەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا، کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
1- پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش: بۆ دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ و لیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.
2- پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە.
3- ڕاسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەنیدارەكان بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە ماددییەکانی هاووڵاتیان.
4- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان و ڕێگاوبانی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێگاوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شاری هەولێر.
5- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.
لە کۆتاییشدا پارێزگاری هەولێر، سوپاسی هەموو ئەو پارێزگارانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر ئەرک و هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر نیشانداوە، هەروەها سوپاسی سەرجەم تیمەکانی خۆبەخشان، دەزگا خێرخوازییەکان و هەموو ئەو هاولاتیانەش كرد كە هەماهەنگ و هاوكار بوون لەكاتی ڕووداوەكەدا.