دوێنێ شەو چی روویدا؟
لافاوەکەی هەولێر و پێکدادانی دەریایی لە کەنداو و جموجۆڵی سیاسی لە واشنتن
پەری ساڵح
لافاوەکەی هەولێر زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە و جموجۆڵە سیاسییەکانیش لە واشنتن و تەلئەبیب بەردەوامن، کورت و پوخت پێتان دەڵێین شەوی رابردوو چی روویدا؛
📌ئێوارەی دوێنێ و دوای هاتنی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە، جگە لە گەڕەکانی ئەتراف و دەورووبەری هەولێر، ئاو لەناو بازاڕ و گەڕەکانی شێخ ئەحمەد و سێتاقان و رێگای کۆیە و لای نەخۆشخانەی رزگاری کۆبووەوە و لافاو دروست بوو.
📌هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری و خزمەتگوزاری زوو وەدەست هاتن، بەڵام لەبەر ئەوەی بارانەکە تەرزە و باوبۆرانی لەگەڵ بوو، پێڕانەدەگەیشتن، بۆیە شوێنە بازرگانییەکان و دوکانی کاسبکاران ئاو چووە ناویان و زۆربەی کەلوپەلەکانیان بەزایە چوو.
📌جگە لە زیانە ماددییەکان، لە گەڕەکی هەولێری نوێ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکای باوکی خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزییەوە، لە گەڕەکی سێ بەردانیش سایەقی شۆفڵێک کە بە هانای خەڵکەوە چووبوو، خنکا و گیانی لەدەستدا.
📌میدیاکانی ئێران: دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری وڵات بیستراوە، بەتایبەتی لە بەندەری جاسک، بەندەر عەباس، و جزیرەی قشم، بەپێی ئاژانسی “مێهر”ی ئێرانی، ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە لەسەر دوو کەشتیی نەوتکێش لە دەربەندی هورمز و دەوروبەری روویداوە.
📌ئاژانسی تەسنیم: دەنگی تەقینەوەکانی ناو جزیرەی قشم راستەوخۆ پەیوەندیدار بوون بەو ئۆپەراسیۆن و رووداوانەی لە دەربەندی هورمز بەڕێوەچوون.
📌سێنتکۆم: هێزە ئاسمانییەکانیان کەشتییەکی بارهەڵگری دەریایییان بە ناوی “هودا” لە ئاوەکانی کەلەندەری عومان تێکشکاندووە و پەکخستووە، ئەم رێکارە سەربازییە دوای ئەوە هات کە کەشتییەکە سەرپێچی لە ئاگادارکردنەوە بەردەوامەکان کردبوو و هەوڵیدابوو گەمارۆی دەریاییی سەر ئێران بشکێنێت و لە ئاوە هەرێمییەکان دووربکەوێتەوە.
📌بەرگریی شارستانیی سعودیە: بەیانی ئەمڕۆ بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی مووشەکێکی بالیستیکی دایەوە و تێکیشکاند کە لەلایەن حو*سییە*کانەوە بەرەو ناوچەی رۆژهەڵات ئاراستەکرابوو؛ بەوهۆیەوە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە شاری ریاز و ناوچەکانی دەمام، زەهران، بەقیق و هەفوف چالاککرا بەبێ ئەوەی زیانی لێبکەوێتەوە.
📌 ئیمارات: هێزەکانی دەریایی 22 کەسیان رزگار کرد لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای عومان، کە تێیدا ئاگر کەوتبوویەوە.
📌سەرۆکی ئیسرائیل بە فەرمی “ئایزنکۆت”ی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و مۆڵەتی 28 رۆژی پێدا تاوەکو کابینەکەی رێکبخات، دوای راسپاردنی، ئایزنکۆت رایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی بارودۆخی فریاگوزاریی نیشتمانی پێکبهێنرێت، و حیزبەکەی داوای لە ئەندامانی حیزبی “لیکۆد” کرد بەشداری لەم حکومەتەدا بکەن، لە بەرامبەردا، نەتانیاهۆ داوای کرد حکومەتێکی یەکێتی لەسەرجەم حیزبەکان و بەرەی نیشتمانی پێکبهێنرێت.
📌ترەمپ: پۆستی وتەبێژی کۆشکی سپی پێشنیاز دەکات بۆ دانا وایت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی (UFC).
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دۆڕاندنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی تێپەڕاندنی ناوەڕاستی خولەکە، حساباتەکانی ڤانس لەسەر خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028 ئاڵۆز دەکات.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ڤانس دابەزینی ئاستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ جەنگی سەر ئێران و داوا لە حیزبەکەی دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بگۆڕێت.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە سەرچاوە نزیکەکانی ڤانسەوە: جێگری سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەداوە.
📌دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند کە هێزەکانی رووسیا 725 هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگای زاپۆریژیا.
📌ئەردۆگان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ جەخت لە پێویستیی چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە دەکاتەوە، هەروەها هیوای خواست هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت.