وەزارەتی کارەبا بڵاوکراوەی هەیە

قەرزی پێش رووناکی بۆ زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش دەکرێتە قیستی درێژخایەن

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، قەرزی پێش رووناکی زیاتر لە 500 هەزار هاوبەشی کارەبا خراوەتە سەر سیستەمی قیستی درێژخایەن، کە ماوەکەی بۆ هەندێک پۆلی هاوبەش دەگاتە 24 مانگ.

بەپێی راگەیەندراوەکە، یەکەم قیست لە پسوڵەی داهاتووی مانگی ئێستادا دەخرێتە سەر و هاوبەشان دەبێت پارەی پسوڵەی کارەبا و قیستی قەرزەکەیان لە ماوەی 50 رۆژدا بدەن.

وەزارەتەکە سنووری بەرزترین قیستی مانگانەی دیاریکردووە بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی هاوبەشان، بەپێی پلانەکە، ماڵان و کشتوکاڵییەکان تا 24 مانگ، بازرگانیی بچووک تا 12 مانگ و بازرگانیی گەورە و پیشەسازی تا 6 مانگ دەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.

لە هەمان راگەیەندراوەدا هاتووە کە لە قۆناغی پێشوودا، نزیکەی 1 ملیۆن هاوبەش سوودیان لە داشکاندنی قەرزی پێش رووناکی بینیوە و 400 ملیار دینار لە قەرزەکان لێخۆشبوون کراوە.

دەقی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا وەکخۆی:

قەرزی پێش ڕووناکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن و سنوورێکی مانگانە بۆ کارئاسانی هاوبەشان دادەندرێت
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە ٪30ی ئەو هاوبەشانەی ڕووناکی کە قەرزی پێش پڕۆژەکەیان لەسەر ماوە, قەرزەکەیان خراوەتە سەر قیستی درێژخایەن کە تاوەکو 24 مانگ دەبێت. یەکەم قیست دەخرێتە سەر پسوولەی داهاتووی هاوبەشان کە لەم مانگەدا دەردەچێت.
هەروەها وەزارەت خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی سنوورێک بۆ زۆرترین قیستی مانگانە داندراوە بۆ کارئاسانی بەشێک لە هاوبەشان. قیستی درێژخایەن بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەرە میکانیزمی دووەمی وەزارەتی کارەبایە بۆ کارئاسانکردنی باری هاوبەشانە بۆ ئەوەی قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر نەمێنێت وەک پێشتر ڕاگەیەندرابوو. ئەم هەنگاوە دوای داشکاندنە ناوازەکە دێت کە تییایدا ملیۆنێک هاوبەش سوودمەندبوون لە دەرفەتەکە و بڕی 400 ملیار دینار لێخۆشبوون کرا لەسەر قەرزی پێش ڕووناکی.
خشتەی یەک دابەشبوونی هاوبەشان نیشان دەدات لەسەر پلانە جیاوازەکانی قیستی درێژخایەن. سەروو 500,000 هاوبەشی ڕووناکی قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە و خراونەتەسەر قیستی درێژخایەن و تیاییدا 90,000 قەرزەکەیان لە 5,000 دینار کەمترە و لە یەک مانگدا قەرزیان لەسەر نامێنێت دوای پارەدانی قیستی یەکەم. ئەو هاوبەشانەی خراونەتەسەر قیست، پسوولەی مانگانەییان هەردوو پسوولەی ڕووناکی و قیستی مانگانە لەخۆدەگرێت و هەردووکییان دەبێت پێکەوە لەماوەی 50 ڕۆژی پارەدان لە ڕۆژی دەرچوونەوە بدرێن.
خشتەی یەک: پوختەی هاوبەشانی ڕووناکی کە قەرزی پێش ڕووناکییان خراوەتەسەر قیست بەپێی پۆلی هاوبەش
ماڵان
ژمارەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە: 412,708
نیوەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان کەمترە لەم بڕانە بە دینار: 152,000
کشتوکاڵی
ژمارەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە: 14,768
نیوەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان کەمترە لەم بڕانە بە دینار: 197,000
بازرگانی بچووک (پێوەری 1 و 3 ڕەوگە)
ژمارەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە: 96,592
نیوەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان کەمترە لەم بڕانە بە دینار: 325,000
بازرگانی گەورە و پیشەسازی (پێوەری CT)
ژمارەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە: 2,895
نیوەی هاوبەشان کە قەرزی پێش ڕووناکییان کەمترە لەم بڕانە بە دینار: 7,462,000
خشتەی دووەم پلانی قیستەکان دەخاتەڕوو بە لەبەرچاوگرتنی سنووری بەرزترین قیستی مانگانە بۆ کارئاسانی باری سەر هاوبەشانی ماڵان، کشتوکاڵی و بازرگانی بچووک. ئەگەر قیستەکە لەماوەی ڕاگەیەندراوی مانگەکان تەواو نەبوو بەهۆی سنووری بەرزترین قیستی مانگانە، ئەوا ماوەی قیستەکە درێژتر دەکرێت و دەچێتە مانگەکانی دوواتر.
خشتەی دوو: ڕێکارەکانی قیستی مانگانە بۆ قەرزی پێش ڕووناکی بەپێی پۆلی هاوبەش
ماڵان و کشتوکاڵی
ماوەی پلانی قیست بە مانگ: تاوەکو 24 مانگ
کەمترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: 20,000
بەرزترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: 100,00
بازرگانی بچووک (پێوەری 1 و 3 ڕەوگە)
ماوەی پلانی قیست بە مانگ: تاوەکو 12 مانگ
کەمترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: 20,000
بەرزترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: 200,000
بازرگانی گەورە و پیشەسازی
ماوەی پلانی قیست بە مانگ: تاوەکو 6 مانگ
کەمترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: 200,000
بەرزترین سنووری قیستی مانگانە بە دینار: نییە