"قرچە لە دڵم دێت"

بەدەست چاڵوچۆڵییەوە؛ دووسایدى کانى کوردە پەرێشانە


دیلان محەمەد- سلێمانى

شەقامى دووسایدى کانى کوردەى خواروو لە شارى سلێمانى، بە دەست چەند چاڵێکەوە گرفتارە و بووەتە کێشە بۆ هاتوچۆى ئۆتۆمبێل.

لە دوو سایدەکەدا چەند چاڵێک دروستبوون کە وەک هاوڵاتیان دەڵێن، بەهۆى ئەوەى لە ماوەى رابردوو بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى بۆرى ئاوى شەقامەکەى چاککردووە، قیرەکەى بڕیوە و پڕى کردووەتەوە، بەڵام ئاوا جێهێڵدراوە و چەند چاڵێکى گەورەى تێدا دروستبووە.

کاسبکارێک کە لە بەردەم چاڵەکە دووکانى چاککردنەوەى پێشى ئۆتۆمبێلى هەیە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ئەو شەقامە ساڵى یەک دوو مانگ بێ کێشەیە، چونکە بۆرییەکى ئاو لە ژێرەوەیە ناوە ناوە دەشکێت و بەڕێوەبەرایەتى ئاو دێت چاکى دەکات و هەمدیس دەشکێتەوە، بۆیە بەهۆیەوە شەقامەکە بەردەوام چاڵى تێدایە”.

ئەو کاسبکارە باسى لەوەشکرد، کاتێک دەبینێت ئۆتۆمبێلێک لەو چاڵە دەدات، قرچە لە دڵى دێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح