وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ 964:

“بە کامێرای چاودێری هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە ئاشکرا دەکەین”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

تاوەکو ئێستا هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکەی بازاڕی منارە نەزانراوە و وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، بە کامێرای چاودێری هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن و دواتر زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

ئەمشەو سێشەممە 1.9.2026 باڵەخانەیەک لەکاتی تێکردنی کۆنکرێت لە بازاڕی منارەی هەولێر رووخا و چەند کەسێک برینداربوون.

شاخەوان سەعید لە بەردەم باڵەخانە رووخاوەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لەبەر ئەوەی هەندێک لە بریندارەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە و بەشێکیشیان لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە گوازراونەتەوە نەخۆشخانە، هیشتا ژمارەی بریندارەکان بەوردی نەزانراوە، بەڵام ئەوەی کە هەیە، هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە”.

سەبارەت بە هۆکاری رووخانی باڵەخانەکەش، شاخەوان سەعید دەڵێت، دەورووبەری ئەو شوێنە هەمووی کامێرای چاودێرییەوە، لەو رێیەوە دەتوانن هۆکارەکی ئاشکرا بکەن و لە داهاتوو زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری