لە کەرکوک
ژنێک بۆ ئەوەی نۆرەی بەنزین نەگرێت فەرمانبەرێک رادەستی پۆلیس دەکات
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ژنێک بۆ ئەوەی نۆرەبڕی بکات بۆ وەرگرتنی بەنزین لەگەڵ فەرمانبەرێکی چاودێری بەنزینخانەکە دەبێتە کێشەیان و بەیەک پەیوەندی فەرمانبەرەکە رەوانەی بنکەی پۆلیس دەکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، ئەو ژنە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BYD ویستوویەتی نۆرە بڕی بکات لە بەنزینخانەی سەلامی حکومی لە گەڕەکی یەکی حوزەیران بەڵام لەلایەن محەمەد فەخری کە بەرپرسی بەشی ژمێریاری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتێکانە کە ئەوکات ئەرکی چاودێری ئەو بەنزینخانەیەی دەکرد رێگری لێ کراوە.
وتیشی، “ژنە شۆفێرەکە پێی وتووە ئێستا چارەسەرت دەکەم پەیوەندیەک دەکات و پاش چەند خولەکێک ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس دەگەنە بەنزینخانەکە فەرمانبەرەکە کەلەپچە دەکەن و دەیبەن پاشان رادەستی بنکەی پۆلیسی عەدالەی دەکەن”.
لە ئێستادا بەرپرسی بەشی یاسای کۆمپانیاکە لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بزانن بە چی یاسایەک دەستگیرکراوە، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی