بە تێکڕاى دەنگ

تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغلو، وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتى هەڵبژێردرانەوە

964+

وریا فەتاح

لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM Parti)، کە لە ناوەندی کلتووریی نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغلو جارێکی دیکە بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرانەوە و هەر 535 دەنگی بەشداربووانی کۆنگرەکەیان بەدەستهێنا.

دواى هەڵبژاردنەوەى، تولای هاتیمئۆغلو، هاوسەرۆکی پارتی دەم، پەیامی گرنگی بۆ قۆناغی نوێی پارتەکەیان و تورکیا راگەیاند و وتى، “کۆنگرەی خۆئامادەکردنە نەک خۆدووبارەکردنەوە، ئێمە لێرەین بۆ نوێبوونەوە، نەک بۆ ئەوەی خۆمان دووبارە بکەینەوە”.

وتیشى،” کاتێک زمانی ئاشتی دەگۆڕێت، ناکرێت بە زمانی کۆن بەردەوام بین، و کاتێک پرسی کورد پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، ناتوانین سیاسەت بە ئامرازە کۆنەکان بکەین “.

لاى خۆیەوە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، پارتەکەیان لە چوارچێوەی “رێگەی سێیەم”دا خۆی وەک بەدیلی دەسەڵات دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی ریشەییی کێشە ئابووری، یاسایی و سیاسییەکانی وڵات.

باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە دوای بێدەنگبوونی چەکەکان و هەڵوەشاندنەوەی چەکداری، ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە و وتی: “دەستکەوتی کورد لە ناوچەکەدا مەترسی نییە، بەڵکو دەستکەوتی تورکیایە و دەستکەوتی تورکیاش دەستکەوتی کوردە.”