سیمبوولى خۆپیشاندانەکان بوو

دایک و باوکى مورید دڵخۆشن؛ وێنەى کوڕەکەیان چووەتە سەر بەرگى خوێندن


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

وەزارەتى پەروەردە بەڵێنەکەى بەجێهێناو وێنەى موریدى خستە سەر بەرگى خوێندنى پۆلى یەکى سەرەتایى، هەرچەندە مورید هیچ ناڵێت، بەڵام دایک و باوکى دڵخۆشن.

هەندێک جار گەورەترین پەیامەکان لە هەنگاوی منداڵێکەوە دەست پێدەکەن. بیرتانە لە رۆژانی پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان، منداڵێکی بچکۆلە بە جلێکی کوردی و مەمکەمژەیەکەوە، بە شەقامی سالمدا تێپەڕی و ئاڵایەکی کوردستان لەسەر شانى دەشەکایەوە، ئەو دیمەنە راستەوخۆ بووە سیمبولی خۆپیشاندانەکان و سۆشیال میدیاى داگیرکرد، دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، بڕیاریدا وێنەى مورید بخاتە سەر بەرگى خوێندن.
ئەمڕۆ، دواى لە چاپدانى کتێبەکە هەمان وێنەى مورید خراوەتە سەر بەرگەکەى.
گوران عەبدولواحید و گوڵان محەمەد جەزا کە دایک و باوکى موریدن، بۆ 964 قسەیان کردووە و دڵخۆشى خۆیان پیشان دەدەن کە وێنەى کوڕەکەیان خراوەتە سەر بەرگى خوێندن.
دایکى مورید وتى،”شانازییە کە بەرگى کتێبى پۆلى یەک وێنەى کوڕەکەمى لەسەرە و ئەوانەى ئەمساڵ دەست بە خوێندن دەکەن بە بینینى وێنەى مورید، فێرى ئەلف و بێ دەبن”.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح