زاخۆ؛ بە دەبەی ئاو بەردەم ماڵەکەی گرتووە و رێگا نادا ئۆتۆمبێل رابگیرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەمی کۆرنیشی زاخۆ لە سەنتەری بازار و تەنیشت گەڕەکی بەدرخان، ئاستەنگ و گرفت بۆ ئەو خانووانە دروست بووە کە دەکەونە سەر لێواری کۆرنیشەکە، بەهۆی ئەوەی شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەر دەرگای ماڵەکانیان دەوەستێنن، نیشتەجێبووانی ناوچەکەش ناچاربوون دەبەی ئاو یان هێمای قەدەغەی وەستان لە بەر دەرگاکانیان دابنێن.
وەڵات هەجەر، ئەندامی لیژنەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند: “شۆفێرانیش مافی خۆیانە ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن و پارک بکەن، بە هەمان شێوە ئەو ماڵانەش مافی خۆیانە تووشی ئازار و ئاستەنگ نەبنەوە، بۆیە لە هەوڵداین و بەدوای رێگەچارەیەکی گونجاودا دەگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.”
کۆرنیشی زاخۆ جیا لەوەی بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، شەقامەکانی دەوروبەریشی کراونەتە شوێنی پارکی ئۆتۆمبێل، ئەمەش ئازار و بێزاربوونی زۆری بۆ ئەو ماڵانە دروستکردووە کە دەکەونە تەنیشت پرۆژەکەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح