لابردنی سفرەکانیش پێویستی بە پەرلەمانە
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: سزای نێودەوڵەتی لەسەر بانکەکانمان نەماوە
وریا فەتاح
نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، چەندین زانیاریی گرنگی لەسەر دۆخی دارایی، سزای بانکەکان، و قەبارەی دراوی عێراقی ئاشکرا کرد و دڵنیایی دا کە ئیتر هیچ سزایەکی نێودەوڵەتی بەسەر کەرتی بانکیی عێراقدا ناسەپێندرێت.
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، متمانەی نێودەوڵەتی بە بانکی ناوەندیی عێراق زۆر گەورەیە و پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو حەوت بانکەی پێشتر سزادرابوون و ئێستا رێگەیان پێدراوە مامەڵە بە دراوی دیکە (جگە لە دۆلار) بکەن، بەم نزیکانە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
لەبارەی یەدەگ و وەبەرهێنانەکانی عێراقەوە، نزار ناسر حسێن روونیکردەوە کە ئەوان پارەکانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنێن، چونکە ئەو وڵاتە پەناگەیەکی ئارامە و تاکە وڵاتە کە پارێزبەندیی (حەسانە) بە عێراق داوە، لە کاتێکدا مەترسیی وەبەرهێنان لە وڵاتانی دیکە زۆر گەورەیە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە قەبارەی ئەو پارەیەی تا ئێستا چاپکراوە دەگاتە 107 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت کەمترە و نزیکەی 40 ترلیۆن دینارە.
لەبارەى لابردنى سێ سفرى سەر دراوى عێراقى، جەختیشیکردەوە کە بڕیاری گۆڕینی دراو لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام پرۆژەی “لابردنی سفرەکان” پێویستی بە دەرکردنی یاسایە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و بەبێ پەرلەمان ناکرێت.