پێشمەرگە و سوپا لە سنورەکان مانۆڕی هاوبەشیان دەبێ

ئەحمەد مستەفا

سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە چووە بەغدا و بەشداری کۆبوونەوەی شانەی ئەمنی کرد، لەوێ تاوتوێ پلانی هاوبەش بۆ دەروازەکان کراوە، و بڕیار هەیە لەگەڵ سوپا مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان هەبێ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6.9.2026، عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نوسینەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد، لەوێ سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، و بریکارانی هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری ئامادەبوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی راگەیاندی ئەمنی ناردوویەتی بۆ میدیاکان لە کۆبوونەوەکەدا، ناوچەکانی بایەخی هاوبەشی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و دۆخی دەروازە سنوورییەکان بۆ رێگریکردن لە قاچاخ و دزەکردن تاوتوێ کراوە.

هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پەرەپێدانی ناوەندەکانی هەماهەنگی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری گفتوگۆی لەسەر کراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شەمەری جەختی لە رێکخستنی ئەولەوییەتەکان،و پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان،و ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەش و رادەستکردنی داواکراوان بە دادگا و فراوانکردن و قووڵکردنەوەی کاری هەواڵگری نێوان بەغدا و هەرێم کردووەتەوە.