بۆ یەکەمجار نەمامگەیه‌كی حكومه‌ت له‌ سۆران دروستده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یه‌كه‌مجار نه‌مامگه‌یه‌كی حكومه‌ت له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ دروستده‌كرێت، سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌مه‌ودوا گوڵ و نه‌مام له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌هێنن و پاره‌یه‌كی زۆریش بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه‌.

سه‌لوا شۆرۆ شێروانى، سه‌رۆكى شاره‌وانى سۆران، به‌ 964ـى راگه‌یاند، یه‌كه‌مجاره‌ نه‌مامگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ شاره‌وانى له‌ سۆران دروستده‌كرێت، وتیشی “ئامانجمان له‌ دروستكردنى بەرهەمهێنانی دار و دره‌خت و نەمام و گوڵى هه‌مه‌جۆره‌، بۆ رازاندنه‌وه‌ى شاره‌كه‌مان”.

به‌قسه‌ى ناوبراو كه‌سانى شاره‌زا و پسپۆڕى ئه‌و بواره‌یان هه‌ن كه‌ بتوانن گرنگی به‌و نه‌مامگه‌یه‌ بده‌ن و به‌رهه‌مى باشیان هه‌بێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ ساڵانه‌ پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بۆ كڕینى گوڵ و دره‌خت و نه‌مام بۆ سۆران خه‌رج ده‌كرا، به‌ڵام وتى “هه‌وڵده‌ده‌ین له‌مه‌ودوا  هیچ گوڵ و نه‌مام و دره‌ختێك له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌هێنین و به‌رهه‌می ئه‌و نه‌مامگه‌یه‌ به‌كاربهێنین”.

نه‌مامگه‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى كه‌متر له‌ دۆنمێك دروستكراوه‌ و كه‌وتۆته‌ ناو شارى سۆران، سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت “ده‌ست به‌كاره‌كانى ئه‌و نه‌مامگه‌یه‌ كراوه‌ و له‌ئێستاشدا سه‌رقاڵى چاندنن، پێشبینیش دەكرێت بۆ ئەمساڵ، نزیکەی سێ هەزار گوڵ بەرهەم بهێندرێت”.