بۆ یەکەمجار عێراق توانی تایەی فڕۆکە بگۆڕێت
964+
پەری ساڵح
هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانیویانە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی چاککردنەوەی فڕۆکەیەک لە جۆری “ئێرباس” لە ناوخۆی وڵاتدا جێبەجێ بکەن، ئەویش لە رێگەی گۆڕینی تەواوی سیستمی تایەکانی راوەستانی فڕۆکەکەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکە، پێشتر ئەم جۆرە چاککردنەوانەی رەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە، بەڵام ئەمجارەیان بە توانای ناوخۆیی و بە دەستی ستافی ئەندازیاریی عێراقی جێبەجێ کراوە، و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا فڕۆکەکە دووبارە دەست بە گەشتەکانی بکاتەوە.
لەمبارەیەوە موستەفا تاڵب، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵەکانی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند: “ئەم جۆرە چاککردنەوانە پێشتر لە ناوەندە پسپۆڕەکانی دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدران، بەڵام جێبەجێکردنی لە ناوخۆدا نیشانەی گەشەکردنی توانای کادیرانی عێراقی و فراوانبوونی ئەزموونیانە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کورتکردنەوەی کاتی پێویست بۆ چاککردنەوە.