لە مەندەلی

63 سەرمەڕی دزی و دەستگیرکرا

+964

سیروان خورشید – خورماتوو

هێزەئەمنیەکانی پارێزگای دیالە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە 63 سەر مەڕی لە شوانکارانی سنوری شارۆچکەی مەندەلی دزیبوو و سەرجەم ئاژەڵە دزراوەکانیش بۆ خاوەنەکانیان گەڕایەوە.

لیوان مەحەمەد کازم، بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای دیالە بە‌964ـی وت،” دوا بە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دزینی ژمارەیەک مەڕ لە سنوری شارۆچکەی مەندەلی، هێزەکانمان بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری سنورەکە، توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت و لە ئۆپراسیۆنێکدا دەستگیر بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە دوای دزینی مەڕەکان، بردبوونیە دەرەوەی ناوچەکە و شوێنێکی تایبەتی بۆ بەخێوکردنیان تەرخان کردبوو، لە کاتی دەستگیر کردنیشیدا دەست بەسەر چەکێکدا گیراوە و سەرجەم 63 سەر مەڕەکەش دەستیان بەسەردا گیراوە.

دەشڵێت، تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و داواش لەو هاوڵاتی و شوانکاران دەکەین کە لەماوەی رابردودا ئاژەڵیان لێ دزراوە، سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح