دوێنێ شەو چی روویدا؟
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل راگەیەنرا و درۆنێکی حـوسییەکانیش لە ئاسمانی مەککەدا تێکشکێنرا
ژووری هەواڵ
بەیانی هەینیتان باش کورت و پوخت گرنگترین هەواڵ و پێشهاتەکانی دوێنێ شەو و ئەم بەرەبەیانە لێڕە بخوێنەوە:
📌سعودیە رایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، درۆنێکی حـ.*وسـ.*ییەکانی لە ئاسمانی مەککەدا تێکشکاندووە.
📌بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی راگەیاند و هاوسەنگیی نێوان بەرە سیاسییەکان وەک خۆی مایەوە.
📌بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، بەرەکەی بنیامین ناتەنیاهۆ 53 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و لە بەرامبەردا بەرەی رکابەرە سەرەکییەکەی، گادی ئایزنکۆت، 48 کورسیی بردووەتەوە؛ لایەنە عەرەبییەکانیش پێکەوە توانیویانە 19 کورسی مسۆگەر بکەن.
📌بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە بەرەی نەتانیاهۆ و ئایزنکۆت نەیانتوانیوە زۆرینەی پەرلەمان (61 کورسی لە کۆی 120) بەدەستبهێنن، نەخشەی هاوسەنگیی هێزەکان وەک خۆی ماوەتەوە و دەکرێت لایەنە عەرەبییەکان رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا هەبێت.
📌میدیاکانی ئێران: لە دەوروبەری گەرووی هورمز، لە نزیک “سیریک” و “دوورگەی قشم”، دەنگی چەندین تەقینەوە لە ئاراستەی دەریاوە بیستراوە.
📌وۆڵ ستریت جێرناڵ: بەرپرسانی ئەمریکا وڵاتانی کەنداویان ئاگادارکردووەتەوە لە هێرشێکی چڕی کورتخایەن دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا
📌ئاژانسی فەرمیی “تاس” بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ هەینی، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20، گەیشتووەتە شاری ئەتلانتا لە ئەمریکا
📌سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند: بەرگریی ئاسمانیی رووسیا 84 درۆنی تێکشکاندووە، کە لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە بەرەو پایتەخت ئاراستە کرابوون.
📌رۆژنامەی “واشنتن پۆست” بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بە باشترین هیوا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ تاران دەزانێت.
📌دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممە، کەشتییەک لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمزدا، لە دووریی 25 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری “خەسەب”ـی عومان، ئاگری گرتووە.
📌واشنتن پۆست: ترەمپ و ڤانس رێککەوتنێکی ئاشتییانەیان پێ باشترە، لە کاتێکدا پێنتاگۆن هێزی زیاتر لە ناوچەکە کۆدەکاتەوە.
📌جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە “فۆکس نیوز”ـی راگەیاند: ترەمپ رێگە نادات رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ببێتە شەڕێکی بێکۆتا.
📌سەرچاوەکانی یەمەن: حـ.*وسـ.*ییەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەند گوندێکی قەزای “موقاتیرە”لە پارێزگای لەحج.
📌وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) گیانلەدەستدانی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕی ئێراندا تۆمار کرد کە هۆکارەکەی پەیوەندی بە شەڕ و پێکدادانەوە نەبووە؛ بەمەش کۆی ژمارەی گیانلەدەستدانی راگەیەندراو لە ریزی سوپاکەیدا گەیشتە 23 کەس.
📌یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان جەختی کردەوە کە بڕیاری حکومەت بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی وڵاتدا بسەپێنێت، هەنگاوێکی نیشتمانییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت نەک بۆ رازیکردنی هیچ لایەنێک؛ هاوکات سەرۆک جۆزێف عۆن دووپاتی کردەوە کە چارەسەری ئارام و بەردەوام تەنیا لە رێگەی دانوستانی دیپلۆماسییەوە بەدی دێت، نەک بە شەڕ.
📌میدیا فەرمییەکان بڵاویانکردەوە کە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، داوای پەرەپێدانی خێرای تەکنەلۆژیای درۆنەکانی کردووە و خۆیشی سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەندین جۆری چەکی کردووە.