گەورەترین هاکی مێژوو

6.3 ملیار دۆلاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی باینانس هاککرا

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی باینانس رایگەیاند، بەهۆی کەلێنێکی ئەمنییەوە شەش ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بازاڕەکە کەوتوونەتە مەترسییەوە و شارەزایانیش دەڵێن، ئەمە گەورەترین هاکی مێژووە.

کۆمپانیای باینانس دەڵێت، لەگەڵ هاوبەشەکانی کاریکردووە بۆ هەڵپەساردنی ئەو برە پارەیەی هاککراوە و تا ئێستا شوێنپێی سێ ملیار دۆلار دیارە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو بڕەی کە ماوە و نزیکەی 3.3 ملیار دۆلارە نەخستووەتە ڕوو.

کۆمپانیاکە دەڵێت، “خۆمان بەرپرسیاریەتی سەرجەم زیانەکان لەئەستۆ دەگرین.”

کۆمپانیای باینانس گەورەترین بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنییە لە جیهاندا و نزیکەی 300 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و لە ساڵی 2017 لە چین دامەزراوە.

بەپێی وتەی کۆمپانیای چاینائەنالیسیس و چەند چەند کۆماپانایایەکی دیکەی پسپۆر لەبواری شیکاری دیجیتاڵی، ئەو رووداوە رەنگە گەورەترین دزی ئەلیکترۆنی بێت لە جیهاندا و گەورەترین هاکە لە مێژوودا.

بەپێی لێکۆڵیننەوە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای باینانس، رەنگە هاکەکە لە لاپتۆپی یەکێک لە ئەندازیارەکانی کۆمپانیاکە خۆیەوە دروست بوبێت کە هاککەران خاڵێکی لاوازییان تێدا دۆزیوەتەوە و توانیویانە دەستیان بگاتە بە سیستمی باینانس.

بەپێی قسەی چەند شارەزایەکی بوارەکە، ئەو رووداوەی روویداوە لە هەمان کارەکانی پێشووی گروپی هاککەری “ترەیدەر ترەیتەر” دەچێت کە گروپێکی سەر بە کۆریای باکوورە.