لە ماوەی یەک مانگی جەنگدا
“لە کوردستان 14 کەس شەهیدبوون و 93 کەسیش برینداربوون”
964+
شۆڕش قادری
لە ماوەی یەک مانگی جەنگی ئێراندا 14 کەس لە هەرێمی کوردستان شەهیدبوون و 93 کەسیش برینداربوون.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT ئەمریکی بە 964ـی وت، “بەپێی نوێترین راپۆرتی تیمەکەمان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، 474 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە 179 هێرش لەلایەن سوپای پاسداران و 295 هێرشیش لەلایەن گروپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق ئەنجام دراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 14 کەس لە کوردستان شەهیدبوون و 93ـی دیکەش برینداربوون، لەو 93 بریندارەش 19ـیان خەڵکی مەدەنی بوون.
کامەران عوسمان وتیشی، سەرباری زیانی گیانییەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە، بەلایەنی کەمەوە زیان بەر (46) خانووی هاوڵاتی مەدەنی کەتووە، (32) ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتووە.
روونیشیکردەوە، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان (370) هێرش بووە کە ئەمەش ڕێژەی 78.06٪ـی هێرشەکان پێکدێنێت، (90) هێرش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی، 11 هێرش بۆ سەر پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی کراوەتەسەر کە تەنیا سێ هێرش بووە.