ئێوارەى ئەمڕۆ

لە موسڵ و خاڵس: منداڵێک و گەنجێک خنکان


سیروان خورشید- خورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 5.8.2026 دوو حاڵەتی جیاوازی خنکان لە قەزای خاڵس و شاری موسڵ تۆمار کران کە تێیاندا گەنجێک و منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان گیانیان لەدەستدا.

حسێن رەشید، پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی موسڵ بە 964ـی وت،” تەرمی مداڵێکی تەمەن دوو ساڵان گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لەپشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە کە هەر لەماڵەوە ژێر ئاو کەوتووە و خنکاوە”.

وتیشی،”کەسوکاری منداڵەکە ماوەیەکە حەوزێکی بچوکیان بۆ کات بەسەربردن کڕیوە و ناوەناوە منداڵەکەیان تێ کردووه و ئەمڕۆش دوای ئەوەی منداڵەکەیان خستوەتە ناو حەوزەکەوە و سۆندەی ئاویان کردووەتەوە، لە ئەنجامی غافڵبوون و چاودێرینەکردنیان بۆ چەند ساتێک، ئاوی حەوزەکە پڕ بووە و منداڵەکە نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و بوەتە هۆی خنکانی.

لای خۆیەوە، خالد مەجید، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی قەزای خاڵس بە964ـی راگەیاند،” ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ هێنراوەتە بەش فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و بە وتەی کەسوکارەکەی، دانیشتوی شاری بەغدایە و بۆ سەردان رووی لە ماڵی مامی کردووە.”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، گەنجەکە لەکاتی مەلەکردن لە سەرچاوەی ئاوی قەزاکە و بەهۆی نەبونی شارەزای لە مەلەکردندا خنکاوە و لەئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح