سەرەڕاى کێشەکان

پزیشکیان: ئەمڕۆ ئێران وەک وڵاتێکی بەدەسەڵات و سەربەرز دەناسرێت

وریا فەتاح

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە دووەمین ساڵیادی سوێندخواردنی یاسایی سەرۆکایەتی کۆماردا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی کابینەی چواردەهەمەوە وڵات لەگەڵ چەندین ئاستەنگ و کێشەی جیاوازدا رووبەڕوو بووەتەوە، بەڵام لە رێگەی هاوکاریی تەواوی دەسەڵاتەکان و بەشداربوونی گەلەوە توانیویانە بەسەر کێشەکاندا زاڵ بن و ئەمڕۆ ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن دەسەڵات و سەربەرزییەکی بەرز لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان سەیر دەکرێت.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی هەوڵەکانی دوژمنان لەم ماوەیەدا بۆ ئەوە بووە کە پارچەپارچەبوون و دووبەرەکی لە وڵاتدا دروست بکەن، بەڵام وەک دەڵێت: خۆڕاگریی گەلی ئێران رێگری لەم نەخشەیە کردووە.

وتیشی: “گەل بریتییە لە تەواوی ئەو کەسانەی لەم وڵاتەدا دەژین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوڕ، تێڕوانین، رەگەز و نەتەوە، هەروەها ئەرکی دەسەڵاتیشە بەپێی دادپەروەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە: “پلانیان دانابوو بۆ ئەوەی لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئێران وەک سووریای لێ بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەها شەهیدبوونی گەورەکانمان لە جەنگی رەمەزاندا ئازاربەخش بوو، بەڵام سەرەڕای تەواوی سەختی و قەیرانەکان، ئێستا ئێران بە وڵاتێکی بەهێز و خاوەن رێز و شکۆی بەرز ناو دەبرێت.”