پۆلیسی راپەڕین
مێردمنداڵێک بە جلی ژنانەوە دزی کرد و دەستگیرکرا
964+
پەری ساڵح
لە قەزای حاجیاوا، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ماکۆک سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین تۆمەتبارێکییان دەستگیرکرد کە بە پۆشینی جلوبەرگی ژنانە بە مەبەستی شاردنەوەی ناسنامەکەی دزی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، دوای تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک لەبارەی دزینی 450 هەزار دینار لە ماڵێک و 100هەزار دینار لە مارکێتێک، هێزەکانی پۆلیس بە فەرمانی دادوەر رێکاری یاساییان گرتەبەر و دەستیان بە بەدواداچوون کرد.
دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەکان، ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کرا و دەستگیرکرا، تۆمەتبارەکە مێردمنداڵێکە بە ناوی (ئـ. م. ک) و لە رەگەزی نێرە؛ لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا جلوبەرگی ژنانەی پۆشیوە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، هەروەها دانی بە هەوڵێکی تری سەرنەکەوتوودا ناوە بۆ دزیکردن لە ماڵێکی تر لە هەمان قەزا.
ئێستا تۆمەتبار لەبەرامبەر دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.