964 داوای هاوڵاتیانی گەیاند
دوای خنکانی گەنجێک کۆرنیشی زاخۆ بە چوپ تەنرا
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوێنێ گەنجێکی زاخۆ کەوتە رووباری خابوور و خنکا تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەردوای رووداوەکە خەڵک داوایان کرد کە بە درێژایی رووبارەکە چوپ و ئامێری رزگارکردن دابنرێت، دەمودەست 964 وەک پیشەی هەمیشەیی داواکەی گەیاند و ئەمڕۆ دابینکرا و دانران.
هەر دوێنێ و سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ کاروان سلێڤانەی سەرپەرشتیاری کۆرنیشی زاخۆ کرد، ئەو دەڵێت، “گەنجەکە لە قۆناغی دووەمی کۆرنیشەکە خنکاوە کە تا ئێستا کارکردن لەو شوێنە کۆتایی نەهاتووە، دوای کوتاییهاتنی کارەکان، چوپ و قادرمە و کەرەستەی پێویست بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە دادەنرێت”.
هەرچەند تازە ئەم چوپ و ئامێرانە فریای گەنجەکە نەکەوت، بەڵام بە هیوای ئەوەی، حاڵەتی وا دووبارە نەبێتەوە، دەستکرا بە دانانی ئامێری رزگارکردن و چوپ لە کەنار رووبارەکە.