پزیشکیان: داهاتمان لە فرۆشتنی نەوت نەماوە

ترەمپ: گورزی گەورە لە ئابووری ئێران دەدەین

964+

شۆڕش قادری

ترەمپ دەڵێت، گورزی گەورە لە ئابووری ئێران دەدەن و پزیشکیانیش دان بەوەدا دەنێت کە هیچ داهاتێکیان لە فرۆشتنی نەوت نەماوە.

گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا رادەگەیەنم

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وتووە، “لە بواری ئابووریدا گورزی گەوەرە لە ئێران دەدەین و بەمزووانەش گەرووی هورمز وەک بەشێک لە خاکی ئەمریکا رادەگەیەنم”.

“گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و هیچ کەشتییەک بۆی نییە بەو سنوورەدا تێپەڕ ببێت، مەگەر ئەوەی کە ئێمە رێگەی پێبدەین”، دۆناڵد ترەمپ وای وت.

ترەمپ راشیگەیاند، “زیاتر لەوەی کە حەزم لێی بوو هێزی سەربازیم بەکارهێناوە، بەڵام گوشار لەسەر رێژیمی ئێران پێویستە بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”.

هاوکات مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی حزبەکان و ژمارەیەک چالاکی سیاسی وڵاتەکی دانی بەوەدا نا کە داهاتیان لە فرۆشتنی نەوت نەماوە و گەیشتووە بە سفر.

پزیشکیان رایگەیاند، “گرانی لەم کاتەدا شتێکی ئاساییە، پێشتر بە کەشتی کاڵاکانمان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێ رێگەیەکی دوور و درێژ بەکاربهێنرێت و ئەوەش نرخی کاڵاکان دەباتە سەرەوە”.

داهاتی ئێران بەتەواوەتی کەم بووەتەوە و داهاتی فرۆشتنی نەوتیش بڕاوە

ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی ئێران بەتەواوەتی کەم بووەتەوە و داهاتی فرۆشتنی نەوتیش بڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک کە کارگەکان تووشی کێشە بوون، بۆیە ناتوانن باج و گومرگیان لێ وەرگرن و لە بوارەشدا داهاتی حکومەت کەم بووەتەوە.