پارە و زێڕی جومەیلی لە بن نایەت

40 قاڵبی زێڕ دەستی بەسەرداگیرا و ملیارێک زیاتر گەڕێندرایەوە

ئەحمەد مستەفا

دادوەری یەکەمی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ، کە تایبەتە بە کێشەکانی دەستپاکی و سپیکردەوەی پارە، رۆژی چوارشەممە 22.7.2026 رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار دیناری عێراقی لە پەیوەندی بە کەیسێکی فێڵکاری دارایی گەرێندرایەوە.

هەروەها جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوە و راوەدوونانی یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایانە بەردەوامە کە بە شێوازی نایاسایی پارەیان بۆ دەرەوەی عێراق گواستوەتەوە.

لە هەمان کاتدا ئاشکرایکرد کە پارە و 40 قاڵبەکانی زێڕ لە کەیسی عەدنان جومەیلی، وەکیلی وەزارەتی نەوت دەستی بەسەرگیراوە.

دادوەری دادگاکە لە راگەیەنراوێکدا وتی کە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم توانیویەتی ئەمڕۆ بڕی یەک ملیار و 143 ملیۆن و 847 هەزار و 719 دیناری عێراقی، کە لە فێڵکارییەکی دارایی بەدەستهاتووە، بگەڕێنێتەوە.

لە کەیسێکی تردا، دادوەر ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر عەدنان جومەیلی، وەکیلی وەزارەتی نەوت، بوونەتە هۆی دەستبەسەرکردنی 13 ملیار دیناری عێراقی و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە لە چەند شوێنێک لە پارێزگای سەڵاحەددین شاردراونەتەوە.

هەروەها رایگەیاند کە 40 قاڵبی زێڕ، کە هەر یەکێکیان یەک کیلۆگرام کێشی هەیە، لەگەڵ زاخاوی زێڕ بە کێشی نزیکەی پێنج کیلۆگرام دەستی بەسەردا گیراوە، وە دەڵێ،  لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی هەموو سامانی بەدەستهاتوو لە تاوان، ناسینەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون و گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی لە دژیان.

ماوەیەکە دۆسیەیەك لە عێراق بە شێوەیەكی زۆر گەرموگوڕ باسی لێوە دەكرێت، ئەویش دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقە كە یەكێكە لە گەورەترین دۆسیەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراق.

لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا، دەركەوتووە كە عەدنان جومەیلی زیاتر لە 40 موڵكی هەیە لە بەغدا و سەڵاحەدین و چەندان پارێزگای دیكەی عێراق، هەروەها كاتێكیش هێزێكی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵەكەی لە بەغدا، بڕی 10 ملیۆن دۆلار و سێ ملیار دیناری عێراقی بە كاش لەگەڵ چەند كیلۆیەك زێڕ و چەكێكی زۆر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمە جگە لەوەی باسی ئەوە دەكرێت كاتێك هێزە ئەمنییەكان چوونەتە مەزرەعەیەك كە ژنەكەی عەدنان جومەیلی لێ بووە، ئەو ژنە بەپەلە لە نێو تەندووری ئاگردا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری سووتاندووە.

+964صورة من منصة (شبكة):