زیاتر لە 80 مەلەوان کێبڕکێیان کرد و ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتیی خانمان دەکەین

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ئەمڕۆ هەینی، یەکێتیی یارییە ئاوییەکانی عێراق لقی هەولێر، پاڵەوانیەتییەکی مەلەوانیی بۆ یاریزانانی هەولێر و دەوروبەری بەڕێوەبرد؛ بەرپرسێکی یەکێتییەکەش رایدەگەیەنێت، ئامانجیان گەیاندنی یاریزانانە بۆ پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاڵای کوردستانەوە.

مالیک ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی یارییە ئاوییەکانی هەولێر بە 964ی راگەیاند: “پاڵەوانیەتییەکە بە زۆر سەرکەوتووانە بۆ چوار ئاستی جیاوازی تەمەن بەڕێوەچوو، کە لە تەمەنی خوار 10 ساڵییەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەروو 18 ساڵ (بێچووەشێران، تازەپێگەیشتووان، لاوان و پێشکەوتووان).”

ئاماژەی بەوەش کرد، لەم پاڵەوانیەتییەدا زیاتر لە 80 یاریزان بەشدارییان کردووە و ئەنجامی زۆر باش و ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆمارکراون، کە یاریزانەکان دەتوانن لەسەر ئاستی عێراق کێبڕکێی پلەکانی یەکەم و دووەم بڕکەن.

لەبارەی ئامانج و پلانی داهاتوویان، مالیک ئەنوەر گوتی: “ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانانە تاوەکو لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکاندا بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداربن. هەروەها لە ئاینەیەیەکی نزیکیشدا ئامادەکاری بۆ رێکخستنی پاڵەوانیەتییەکی تایبەت بە خانمان دەکەین.”

پێداچوونەوە: پەری ساڵح