کەشناسیی هەرێم وردەکاریی نوێی لەبارەی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە

بومەلەرزەکەی چەمچەماڵ؛ گووڕەکەی 3.6 پلە بووە و قوڵاییەکەی کەم بووە

ژێوار خدر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بومەلەرزەیەک بە گووری 3.6 پلەی رێختەر قەزای چەمچەماڵی هەژاند، بەهۆی کەمیی قوڵاییەکەیەوە لەرزینێکی بەهێزی دروستکردووە و بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە هەندێک لە بینا و خانوەکان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، رووداوەکە کاتژمێر 1:27 خولەکی شەوی 14.3.2026 و لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە باکووری چەمچەماڵ روویداوە.

بەپێی شیکردنەوەی تۆڕی بومەلەرزەزانی کوردستان، بومەلەرزەکە لە قوڵایی 11 کیلۆمەتر بووە و ماوەی لەرینەوەکەی نزیکەی سێ چرکەی خایاندووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، چونکە بومەلەرزەکە لە جۆری “قوڵایی کەم” بووە، لەرینەوەی بەهێزی لێکەوتووەتەوە و ئەوەش هۆکاری ئەو زیانانەیە کە لە هەندێک خانوسی ناوچەکە تۆمارکراون، داواش لە هاوڵاتییان دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاریی وورد تەنیا پشت بە وێستگەکانی ناوخۆ ببەستن، چونکە بەهۆی نزیکییان لە سەرچاوەی رووداوەکە، زانیارییەکانیان لە سایتە جیهانییەکان ووردترن.