کۆسەرە ئاگرى دروستکردووە
تەرمى دوو کرێکارەکەى رێگاى گوێر بەهۆى ئاگرەوە زیانیان بەرکەوتووە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
وردەکاریی نوێ لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو کرێکارەکەی رێگای هەولێر – گوێر ئاشکرا بوو، بەوتەى شاخەوان سەعیدى وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر، دەرکەوتووە بەکارهێنانی “کۆسەر” بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە”.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دوو کرێکار (یەکێکیان ئێرانی لەدایکبووی 2000 و ئەوی دیکەیان بەنگلادیشی لەدایکبووی 1996)، لەکاتی کارکردن لە تانکییەکی قیر و ئیزۆگامدا کەوتنە ناو تانکییەکەوە و گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییە نوێیەکانی پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکەوە:
لەکاتی کارکردندا ئامێری بڕینەوە “کۆسەر” بەکارهێنراوە، پریشکی کۆسەرەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگر لەناو تانکییەکەدا.
بەهۆی ئاگرەکەوە تەرمی دوو کرێکارەکە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات چەند کرێکارێکی دیکەش لە دەرەوەی تانکییەکە بریندار بوون.
بەشی کیمیایی لە بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، رێژەی غاز لەناو تانکییەکەدا گەیشتووەتە 44 پلە، لەکاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا دەبێت 8 پلە بێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.
تیمەکان هۆشداری دەدەن کە هەر هەڵەیەک و پریشکێک لە پرۆسەی دەرهێنانی تەرمەکاندا رووبدات، رەنگە کارەساتی گەورەتری لێبکەوێتەوە، بۆیە بە وردی و بە جلوبەرگی تایبەتەوە سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح