"خەڵک هەبووە پارەی مریشکێکی پێ نەبووە"

گەرما بازاڕی مریشکفرۆشانی گەرموگوڕ کرد؛ مریشک دای لە هەرزانی

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە هەولێری پایتەخت مریشک دای لە هەرزانی و بازاڕی مریشکفرۆشان وەک چلەی هاوینەکەمان گەرموگوڕ بووە.

محەمەد نانەکەلی مریشکفرۆشە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “15 رۆژ پێش ئێستا کیلۆیەک مریشک لە دەواجینەکان بە 3500 بۆ 3600 دینار بوو، ئەمڕۆ دابەزیوە بۆ 2850 دینار، ئێمەیش کیلۆی دەدەین بە 3100 دینار”.

“ئێستا مریشکێکی دوو کیلۆی و نیوی بە چاککردنەوە 8000 دینار رادەوەستێ، پێشتر 10 بۆ 11 هەزار دیناری دەکرد”، محەمەد نانەکەلی وادەڵیت.

بەقسەی ئەو مریشکفرۆشە، مەسروفات و گەرما هۆکارە بۆ دابەزینی نرخی مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان و ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هەفتەی رابردوو خەڵک هەبووە چووەتە دوکانەکەی، بایی مریشکێک لە گیرفانیدا نەبووە و بەناچاری رۆیشتووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری