کۆمپانیاى نەوتى باکور
5 هەزار دۆلار
بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکووری بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی رایگەیاند، سەرۆکی یەکێک لە لیژنەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک، لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا، دەستگیرکراوە.
بەپێى راگەیەندراوى دەستەکە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک،تیمێکی تایبەتیان ئامادە کردووە و بۆسەیەکیان بۆ تۆمەتبارەکە ناوەتەوە، کە بەرپرسە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.
وەک باسکراوە، بەرپرسەکە داوای بڕی پێنج هەزار دۆلاری لە بەڵێندەرێک کردووە وەک بەرتیل، لە بەرامبەر پێدانی رەزامەندی بۆ دروستکردنی یاریگایەکی فوتساڵ و کۆمەڵگەیەکی کاتبەسەربردن.
پرۆسەکە بەپێی بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک و بەپێی بڕگەکانی بڕیاری (160ی ساڵی 1983) ئەنجامدراوە، تۆمەتبارەکە رێک لەو کاتەدا دەستگیرکراوە کە نووسراوی رەزامەندییەکەی رادەستی بەڵێندەرەکە کردووە و بەشێکی پارەی بەرتیلەکەی وەرگرتووە.
جەختیشکراوەتەوە کە دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، دۆسیەکە رەوانەی دادگای تاوانەکانی کەرکوک کراوەو دادگا دوای بینینی بەڵگەکان و قەناعەت هێنان بە تاوانباربوونی کەسەکە، بڕیاری دا بە سزادانی بە دوو ساڵ زیندانی بۆ بەرپرسەکە.