بۆ چوارەم جار لە هەفتەیەکدا
ئێران بە دوو درۆن هێرشی کردە سەر حیزبی دیموکرات لە کۆیە
ژێوار خدر
بەیانی ئەمڕۆ، ئێران لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، ئەمەش چوارەمین هێرشی هاوشێوەیە تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا.
کورد کەناڵ کە نزیکە لە حیزبی دیموکرات زانیارییەکانی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، هێرشەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 31.7.2026 ئەنجامدراوە و تێیدا دوو درۆن ئاڕاستەی بارەگاکانیان لە شاری کۆیە کراوە، ئەم زنجیرە هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، کۆماری ئیسلامی چوار جار بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبەی لە ناوچە جیاوازەکان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئامارەکان، لە کاتی دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 145 مووشەک و درۆن ئاراستەی کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکرات و بنکە تەندروستی و پەروەردەییەکانیان کراوە.