دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
"دوودڵە لە بەکارهێنانی هێزی زەمینی"
ترەمپ: “ئێرانییەکان زۆر بەزوویی شکست دەهێنن”
شۆڕش قادری
سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی دیکەی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و کاربەدەستێکی وڵاتەکەش دەڵێ، ترەمپ دوودڵە لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر خاکی ئێران.
ئەمشەو فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرایکرد شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، هەر دوای ئەو هەواڵە میدیای ئێران بڵاویانکردەوە کە لە شارەکانی بەندەر عەباس و ئەهواز و چابەهار دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
وەلیوڵا حەیاتی جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنیی رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر چوار شوێن لە دەرووبەری شاری ئەهواز و هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرایکرد، دوێنێ سێشەممە 14.7.2026 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگی ئێران.
ئەو کاربەدەستە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، رایگەیاندووە، ترەمپ دوودڵە لە بەکارهێنانی هێزی زەمینی لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران.
هەر ئەمشەو ترەمپ خۆی چەند قسەیەکی لەسەر هێرشەکان کرد و وتی، “ناچار بووم هەڵوێستێکی تۆند لە دژی ئێرانییەکان بگرمەبەر، چونکە ئەوان پابەند نەبوون بەو شتەی کە بڕیاربوو پابەند بن”.
ترەمپ قسەیەکی تازەی کرد و وتی، “ئێرانییەکان زۆر بە زوویی شکست دەهێنن”.