"چوار قوتابی لەسەر رەحلەیەک دادەنیشن"

دایک و باوکی قوتابیانی قوتابخانەیەکی کەرکوک گردبوونەوە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

دایک و باوکی قوتابیانی قوتابخانەی “متوەکیل”ی سەرەتایی لە کەرکوک، کە سەر بە خوێندنی عەرەبییە، ئەمڕۆ لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکەشیان لەدژی کەمیی میلاکی مامۆستا و قەرەباڵغیی زۆری ناو پۆلەکان بوو.

کەریم ئەحمەد، باوکی یەکێک لە قوتابیەکانە بە 964ـی راگەیاند: “ئەم کێشەیە دوو ساڵە بەردەوامە و ئاستی زانستیی منداڵەکانمان بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، بەهۆی کەمیی مامۆستاوە پۆلەکان تێکەڵ کراون و لە هەر پۆلێکدا 70 قوتابی هەیە، بە جۆرێک چوار قوتابی لەسەر یەک رەحلە دادەنیشن.

وتیشی: “تەنیا لە پۆلەکانی یەک، دوو و سێ، 700 قوتابیمان هەیە و قوتابخانەکە پێویستی بە هەشت مامۆستای دیکەیە.”

دایکی یەکێک لە قوتابیانیش باسی لەوە کرد، کە بەهۆی کەمیی میلاکەوە ئەرکی وانەوتنەوە کەوتووەتە سەر شانی خێزانەکان لە ماڵەوە و دەڵێت: “ئەگەر بناغەی منداڵ لە پۆلە سەرەتاییەکاندا جێگیر نەبێت، داهاتووی دەفەوتێت، ئێمە تەنیا داوای مافی منداڵەکانمان دەکەین.”

سامان شوانی، سەرۆکی ئەنجومەنی دایکان و باوکانی قوتابخانەکە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە بۆ 964 وتی: “پەروەردە بەڵێنی داوە تا رۆژی چوارشەممە کێشەکە چارەسەر بکات و لەگەڵ سەرپەرشتیارانی قوتابخانەکە کۆببێتەوە، ئەگەر تا ئەو کاتە هەنگاوی کردەیی نەنرێت، جارێکی دیکە گرد دەبینەوە و ناهێڵین منداڵەکانمان بچنە قوتابخانە.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

مامۆستایانی خوێندنی کوردی کەرکوک گردبوونەوە

مامۆستایانی خوێندنی کوردی کەرکوک گردبوونەوە