دواى بڕیارى لەسێدارەدانى حەجاج

کەسوکارى ئەنفال ئەمجارە بە تۆزێک لە سوکنایى دەچنە نوگرەسەلمان

سیروان خورشید – دووزخورماتوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانێکی گەورەی ئۆتۆمبێل و پاس لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، لە شارۆچکەی خورماتوو و چەندین ناوچەی تری گەرمیان و کەرکوکەوە، بەرەو زیندانی “نوگرەسەلمان” بەڕێکەوتن، کە دەیان ساڵە تەرمی رۆڵەکانیانی لە ئامێز گرتووە.

گەشتى ئەمجارەى کەسوکارى ئەنفالکراوان لە خورماتوو، کەلار، کفری، رزگاری و کەرکوکەوە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، چونکە ئەمجارە لە جیاتى باسکردن لە یادەوەرییە تاڵەکان و رشتنى فرمێسک، بە شادییەوە روویان لە بیابان کردووە تا موژدەى بڕیارى لە سێدارەدانى حەجاج، بە کەسوکار و رۆڵەى ئەنفالکراویان بدەن.

فەوزییە ساڵح، کە هەموو براکانى و کەسوکارى ئەنفالکراون، بە 964ـى وت،”ئەمشەو تا بەیانى نەخەوتووم، چونکە کەسم نەماوە و بەرەو لاى برا ئەنفالکراوەکانم دەڕۆم لە سەماوە”.

دایە فەوزییە وێراى ئەوەى دڵخۆشە بە بڕیارى لەسێدارەدانى حەجاج، داواش دەکات بە تینوێتى و پێش جەژن لە سێدارەى بدەن، چونکە وەک دەڵێت: رۆڵە و کەسوکارى ئەوان بە تینوێتى ئەنفالکران.

هەرچەندە دڵخۆشە بە بڕیارەکە، بەڵام وەک دەڵێت، ئەنفال زامێک نییە بەوە ساڕێژ بێت، بەڵام تۆزێ سوکناییان دێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح