هەواڵەکان
لە سلێمانی نەوت بەسەر هەژاران دابەشكرا و غەسلەكانی هەولێریش بازاڕیان كرایەوە
+964
ژووری هەواڵ
كاری خێر و بەهاناوەچوون لەوپەڕی گەرموگوڕیدایە لە كوردستان و ئیشەكەش هەر دەوڵەمەند و كۆمپانیاكان نایكەن، ئەوەتا چایچییەک لە شاری سلێمانی بەم زستانە لەخەمی ماڵە هەژارەکاندایە و بە هاوکاری خێرخوازان و سەرمایەدارەکان، هەزار دەبە نەوتی بۆ کۆکردووەتەوە.
چاییچییەک ماڵە هەژارەکان گەرم دەکاتەوە
لەخوابەزیاد بێت ئەم زستانە بەفرێكی زۆر زۆر باریوە و ئیتر لەگەڵ رەحمەتەكەی، بەینی خۆمان بێت كێشەی هاتوچۆشی دروست كردووە، ئەوەتا لە حەوت رۆژى رابردوودا، هەشت تیمى بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى راپەڕین لە کاردان بۆ پاککردنەوەى رێگاوبانەکانى سنوورەکە لە بەفر، بەڵام هێشتا هەفتەیەکى تریان پێویستە بۆ ئەوەى سەرجەم رێگاکان پاک بکرێنەوە، رێگاى مەرزى کێلێش ئەمڕۆ و سبەى پاک دەکرێتەوە.
پاککردنەوەى رێگاکانى ئیدارەى راپەڕین لە بەفر یەک هەفتەى پێویستە
جرج یان ئەوەی لە هەولێر پێی دەڵێن جورج، دوکاندارانی بازاڕی سورچیانی لە داوێنی قەڵای هەراسان کردووە و وەک خۆیان دەڵێن، ژیانیان نەماوە بەدەستیانەوە.
پەیامنێری 964 سەردانی بازاڕەكەی كرد و لەوێ محێدین محەمەد، دوکاندارە و دەڵێت،”چەند تەڵە دابنێین ئەوەندە جورج دەگرین و تەنیا لە هەفتەیەکدا چوار بۆ پێنج دانەم گرتووە، زیانی زۆریان پێگەیاندووین و بەڕادی ئاو و ئەشیای ناو دوکانەکەمیان خواردووە”.
جورج دوکاندارانی بازاڕی سورچیانی هەراسان کردووە
ئەمڕۆ ئاهێك بە دڵی خاوەن شووشتنگەكانی ئۆتۆمبێلدا هاتەوە و كارمەندەكانیشیان كەوتنەوە كار، چونكە دوو هەفتە بوو شەپۆلێكی فراوانی باران و بەفر هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی گرتبووەوە، ئەوانیش بێ ئیش بوون و كەس مەرحەبای نەدەكردن.