تیمەکانی زاخۆ دەستیان بە گەڕان کردووە

سێ رۆژە منداڵێک لەسەر سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان ونبووە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە سێیەمین رۆژی بەردەوامبوونی گەڕان، هێشتا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکە رۆژئاوای کوردستان لە دەوروبەری سنووری سێمالکا بەردەوامە، لە کاتێکدا خێزانەکەی و هاوڵاتیان بە چاوەڕوانی هەر هەواڵێکی دڵخۆشکەرن.

ئەوان داوایان لە تیمەکانی باشووری کوردستان کردووە هاوکار بن بۆ دۆزینەوەی بەتایبەتیش کە ناوچەکانی دەوروبەری سێمالکا لە کەنارەکانی رووباری دیجلە، لەوان نزیکە.

منداڵەکە ناوی (میران دێرسیم داود) تەمەن حەوت ساڵانە، رۆژی 18.6.2026 لە دەوروبەری دەروازەی سێمالکای نێوان باشور و روژئاوا دیارنەماوە و بەقسەی کەسانی نزیک لە منداڵەکە، تووشبووی نەخوشی ئۆتیزمە و لەناکاو لەخێزانەکەی بزربووە

موقەدم جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی زاخۆ بە 964 وت، دوێنێ داوای هاوکاریان لێکردوون و ئەمرۆش تیمەکانیان بەرەو روباری دیجلە بەرێکەوتوون، لەو شوێنەی لێ بزربووە تاوەکو دەگاتە بەنداوی موسڵ بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن