دیسان هاموشۆکان دەستیانپێکردەوە

میدیای ئێران: وەزیری ناوخۆی پاکستان بەرەو تاران بەڕێکەوت

964+

شۆڕش قادری

دیسان هاموشۆکان لە نێوان ئیسلام ئاباد و تاران و جنێف دەستیانپێکردەوە، ویتکۆف و عێراقچی دەچنە سویسڕا و نەقەویش بەرەو ئێران کەوتەڕێ.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، موحسن نەقەوی وزیری ناوخۆی پاکستان بەرەو تاران بەڕێکەوتووە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدستانی ئێران.

پێشتریش ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردبووەوە کە ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە سویسڕا و هەر ئەمڕۆش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگاتە جنێف.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دانیشتنی رۆژی هەینی ئێران و ئەمریکا لە جنێف بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان نەکرا و هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە کە نە‌هێڵدرێت رێککەوتنەکەی واشنتن و تاران پەکی بکەوێت و بەهەر شێوەیەک بێت، بگاتە ئەنجام.

دوێنێ ئێوارە ئاگربەست بۆ راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا راگەیەنرا، بەڵام سوپای ئیسرائیل بە مەرج هێرشەکانیان راگرت و دەڵێن، لە ناوچە ئەمنییەکاندا دەمێننەوە.

هەر بەیانی ئەمڕۆ ئاگر و دوکەڵ لە چەند شوێنێکی لوبنان بەرزبووەوە و میدیای وڵاتەکە بڵاویکردەوە کە، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشوری لوبنان، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.