گەرووی هورمز - وێنە: ئاژانسەکان
ئەمە هەنگاوى یەکەمە
لێکتێگەشتنەکە تەقەى تێکەوت؛ ئێران گەرووى هورمز داخست
وریا فەتاح
هێشتا رێککەوتنەکە واژۆ نەکراوە، بەڵام بەڵێن شکاوە و ئێرانیش زەنگى شکستى رێککەوتنەکەى بە داخستنى گەرووى هورمز لێدا.
بارەگاى ناوەندیی (خاتەمولئەنبیا)ـی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا داخستنی گەرووی هورمزی بەڕووی هاتوچۆی سەرجەم کەشتییەکاندا راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوەکە ئەم بڕیارە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
پابەندنەبوونی ئەمریکا بە جێبەجێکردنی بڕگەی یەکەمی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پێشێلکردنی بەردەوام و بێوەستانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان.
پاشەکشەنەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی باشووری لوبنان و بەردەوامیی کوشتار و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس.
بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا، بەیاننامەکەی بە ئایەتێکی قورئان دەستپێکردووە کە باس لە “شەڕکردن دژی پەیمانشکێنان” دەکات، هەروەها هۆشدارییەکی توندی داوە و دەڵێت: “ئەمە تەنیا هەنگاوی یەکەمە لە وەڵامی پەیمانشکێنیی دوژمن، ئەگەر دەستدرێژییەکان بەردەوام بن، هەنگاوی داهاتوو دەگرینەبەر بۆ ئەوەی دوژمن ناچار بکەین پابەندی بەڵێنەکانی بێت”.